کوردستان

داگیرکارییەکانی ڕژیمی تورکیا؛ ڕۆژنامەنووسانی عێراقی ڕەخنە لە بێدەنگیی سەرکردە و میدیاعێراقییەکان دەگرن

بێهەڵوێستی و بێدەنگیی دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەولێر بەرامبەر بە داگیرکارییەکانی ڕژیمی تورکیا بۆسەر خاکی باشووری کوردستان و عێراق، بەشێکی بەرچاوی میدیاکانی ئەو وڵاتەشی گرتۆتەوە. ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس و لێکۆڵەری عێراقی ڕەخنە لەم بێدەنگییەی دەزگا عێراقییەکان دەگرن.

بێدەنگی و وڵامە شەرمنەکانی کاربەدەستانی بەغدا و هەولێر سەبارەت بە داگیرکارییەکانی ڕژیمی تورکیا لە باشووری کوردستان، بەشێکی زۆری دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عێراقیشی گرتووەتەوە. بەشێک لەم بێدەنگییە بۆ پاڵپشتیی ئەو دەزگایانە لە ڕێککەوتنە سیاسیەکان لەگەڵ ئەنکەرە دەگەڕێتەوە. ئەمەش وەک ڕۆژنامەنووسانی عێراقی ئاماژەی پێدەکەن، وای کردووە لە کاری پیشەیی دوور بکەونەوە و خۆیان لە ڕووماڵکردنی پەلامارە مەترسیدارەکانی ڕژیمی تورکیا نەبان بکەن.

سەلام زوبەیدی رۆژنامەنوسی عێراقی دەڵێ گرنگترین هۆکاری بێدەنگیی میدیاکانی عێراق لەسەر ئەم بابەتە ئەوەیە کە هەندێک لەو میدیایانە پێیانوایە ئەوەی ڕوودەدات بە ڕەزامەندی حکومەتی عێراقە.

سەلام زوبەیدی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز وتی: کاتێ ڕووداوەکە دەگاتە ئاستی چوونەژوورەوەی سەربازی بیانی و داگیرکردنی سنوور و تۆپبارانی گوندەکان، هەندێک میدیا باسی ناکەن. هەندێکیتریش وەک هەواڵێکی ڕۆتین مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. ئەم بێدەنگییە نە بۆ ئەو دەزگایانە پاساوە و نە بۆ حکومەت.”

ئەو ڕۆژنامەنووسە عێراقییە وێڕای دەربڕینی نائۆمێدیی خۆی لە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند: ئەگەر ئەم ڕووداوانە لە وڵاتێکی خاوەن میدیای پیشەیی ڕووی بدایە. میدیاکان ڕوماڵێکی ڕاستەوخۆ و ڕۆژانەیان دەکرد. هاوشێوەی ئەوەی لەکاتی ڕووماڵی پەلامارەکانی داعشدا بینیمان. خۆ ئەگەر پەلامارەکانی تورکیا و داعش بخرێنە تای تەرازوو، دەبینین هاوشێوەی یەکترن. ئامانجی هەردووکیان داگیرکردنی خاکی وڵاتە و هەردووکیان هەڕەشە لەسەر ئاسایشی هاوڵاتیان درووست دەکەن.”

ڕاگەیاندنکاری عێراقی موشتاق ڕەمەزانیش وتی: ئەگەر ئەو هەڵوێستانە بەوجۆرە بن، تورکیا ئەوەی لە سووریا کردی، لێرەش دووبارەی دەکاتەوە. دەست لە پێشێلکردنی سەروەری عێراق هەڵناگرێت. چونکە خراپبوونی بارودۆخی ئەم دوو وڵاتەی بە هەلێک زانیوە و هێشتا هیوای گەڕاندنەوەی سەردەمی عوسمانی هەیە.”

هەروەها دوکتور جەواد کازم بەیزانی بەڕێوبەری پەیمانگای عێراقی بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی لە بەغدا پێیوایە کە داگیرکارییەکانی ڕژیمی تورکیا بە چرای کەسکی پەدەکەیە.

جەواد بەیزانی وتی: پەدەکە ڕێگە نادات سوپای عێراق بچێتە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵییەوە. کەچی ڕێگەی بۆ جوڵاندنی سەربازانی سوپای تورکیا خۆش کردووە.

ئەو لێکۆڵەرە عێراقییە هەروەها بەبیری هێنایەوە کە هەڕەشەی تورکیا بۆ بڕینی ئاوی عێراق، کاریگەریی لەسەر بڕیارەکانی بەغدا درووست کردووە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌