کوردستان

ئەمڕۆ ٨٤ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی دێرسیم دا تێدەپەڕێت

لە ڕۆژی ٤ی مەی ١٩٣٧دا، ڕۆژێکیتیری ڕەشی ناو مێژووی گەلی کوردە، لەوڕۆژەدا گەلی دێرسیم و کوردە عەلەوی یەکان کۆمەڵکوژکران. لە دوای ٨٤ ساڵ بەسەر ئەوتاوان و کۆمەڵکوژییەدا هێشتا ڕژێمی تورکیا درێژە بە تاوانەکانی دەدات و گەلی کوردیش بەڕۆحی ساکینە جانسز، دێرسیمی کردۆتە ناوەندی سەرهەڵدان و تێکۆشان دژی فاشیزم.

ئەمڕۆ، ٨٤ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی گەل لەدێرسیم دا تێدەپەڕێت، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ ساڵی ١٩٣٧، بەفەرمانی ئەنجومەنی وەزیران بەسەرۆکایەتی ئەتاتورک، زیاتر لە ٧٠ هەزار کوردی عەلەوی لە دێرسیم کۆمەڵکوژکران.
پێش ئەو کۆمەڵکوژییە، لەساڵانی ١٩٢٦ و ١٩٣١دا، پشکنەرانی موڵک و ماڵی سەر بەدەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، ڕاپۆرتی خۆیان لەبارەی دێرسیمەوە ڕادەستی ڕژێمی ئەوکاتی تورکیا کردبوو.

پشکنەری دەوڵەتی تورکیا بەناوی حەمدی بێگ، لەڕاپۆرتەکەی دا نوسیویەتی، دێرسیم بۆ کۆماری تورکیا وەکو ژەهرە بۆ ئارامی ووڵات، پێویستە ئەو ژەهرە پاککبکرێتەوە.

هەروەها لە ڕۆژی ٢٥ی دیسەمبەری ١٩٣٥ ناوی دێرسیم گۆڕا بۆ تونجەلی.

ساڵی ١٩٣٦، عەبدوڵا ئالبدۆغان، بەرپرسی دەزگای پشکێنەری گشتی و ژەنەڕاڵی ئەوکاتەی دەوڵەتی تورکیا فەرمانی کۆچپێکردنی زۆرە ملێی خەڵکی دێرسیمی دەرکرد.

هەرلەوساڵەدا بەدروستکردنی سەربازگەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە دێرسیم کۆمەڵکوژیی دەستیپێکرد.
لە ساڵی ١٩٣٨ هەرێمەکانی کوتودەرە، قرمزیداغ، هالڤۆری، عەلی بۆغاز و لاچ و چەندین هەرێمیتر وەک ناوچەی قەدەغەکراو ڕاگەیەندران و کۆمەڵکوژیان تێدا بەڕێوەچوو.

بەپێی ئامارە مێژوویەکان، لەئەنجامی ڕەشەکوژی گەلی دێرسیم دا نزیکەی ٨٠هەزار کوردی عەلەوی کۆمەڵکوژکران، زیاتر لە ٦هەزار گوند سوتێندران و بەدەیان هەزار کەسیتر بە زۆرەملێ ی کۆچیانپێکرا بۆ ناوچەکانی تری تورکیا.

زیاتر لە ٣٠ گۆڕی بەکۆمەڵ لە دێرسیم بونیان هەیە و ڕووفاتی سەید ڕەزا ڕیبەری جوڵانەوی خەڵکی دێرسیم لەناو یەکێک لەو گۆڕە بەکۆمەڵانەدایە.

دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هاوشێوەی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان نکۆڵی لە کۆمەڵکوژی گەلی دێرسیم دەکات و درێژە بە پەلامارە داگیرکارییەکانی دەدات، بەڵام لە دێرسیمی لانەی شۆڕش و تێکۆشان، بە ڕۆحی پێشەنگی تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کورد ساکینە جانسزەوە تێکۆشان و بەرخۆدان دژی داگیرکەران و فاشیزم درێژەی پێدەدرێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌