ژن

دادگای پێداچوونەوە بڕیاری لەسێدارەدانی بکوژی سێوان قادر و منداڵەکانی پەسەند کرد

دوای ١٦ دانیشتنی دادگای سلێمانی لەسەر دۆسییەی سووتاندنی سێوان قادر و منداڵەکانی، دواجار لە ١١ی ئاگۆستی ساڵی ڕابردوو، بڕیاری کۆتایی لەوبارەیەوە دەرکرا و دادگای تاوانەکانی سلێمانی، سزای لە سێدەرەدانی بۆ هاوژینی سێوان دەرکرد.

سەرچاوەیەک لە دادگای سلێمانی ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بڕیارەکەی بۆ دادگای سلێمانی ناردووەتەوە کە پەسەندی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا پەڕاوی تایبەت بە کەیسەکە ڕەوانەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کراوە بۆ واژۆکردن و دواتر جێبەجێکردنی بڕیارەکە.

ئێوارەی ١٦ی دێسەمبەری ٢٠١٨، له ‌گه‌ڕه‌كی ئاسووده‌ی شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ، ژنێکی تەمەن ٢٣ ساڵ بەناوی سێوان قادر و هەر سێ منداڵەکەی کە ته‌مه‌نیان لە نێوان دوو ساڵ، پێنج ساڵ و یه‌ك ساڵدا بوو، لە ماڵەکەی خۆیاندا سووتان.

هه‌رسێ منداڵه‌كە ڕاستەوخۆ گیانیان له‌ده‌ستداو دایکەکەش دوای هەشت ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا، دواتر هاوژینەکەی بە ئەنجامدەری ئەم تاوانە تۆمەتبارکراو بە فەرمی وەک تاوانبار سزادرا.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌