ئێران

جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودسی سپای پاسداران مرد

سپای پاسدارانی ڕژیمی ئێران، شەوی ڕابردوو، لە ڕاگەیاندراوێکدا، مردنی محەمەد حسێن زادە حیجازی، جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئەو سپایە ڕاگەیاند.

سپای پاسداران لەسەر هۆکاری مردنی ئەم فەرماندەیەی خۆی نووسیویەتی: لە ئەنجامی “جەڵتەی دڵ” مردووە، بەڵام کەسایەتییەکی ئێرانی ئەمە ڕەتدەکاتەوە.

کەسایەتییەک بەناوی محەمەد مەهدی هیمەت کە کوڕی یەکێک لە فەرماندە بەناوبانگەکانی ڕژیمی ئێرانە لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق، لە تویتێکدا نووسیویەتی: “هۆکاری مردنی حیجازی جەڵتەی دڵ نەبووە”، هیمەت بە بەکارهێنانی هاشتاگی “شەهید”، ڕوو لە عەلی خامنەیی نووسیویەتی: “ڕێبەرم ئەم سەربازەشتان بووە فیدای ئێوە، سەرتان ساق بێت”.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران، حیجازی جگە لەوەی لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا ڕۆڵی بەرچاوی گیڕاوە، ١٠ ساڵ فەرماندەی بەسیج بووە، ماوەیەک جێگری فەرماندەی گشتی سپا و جێگری ناوەندی پشتیوانی ناوەندی گشتی هێزە چەکدارەکانی ڕژیمی ئێران بووە، هەروەها ماوەیەک بەرپرسی سپای پاسداران لە لوبنان بووە و لە شەڕی سوریاش ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕاوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌