ئێران

ساڵیادی گیانبەختکردنی بیژەن جەزەنی یەکێ لە دامەزرێنەرانی چریکە فەداییەکانی ئێران

ئەمڕۆ چل و شەشەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی بیژەن جەزەنی تێکۆشەری ناسراوی چەپی ئێرانی و یەکێ لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی چریکە فەداییەکانە. پەنجا و حەوت ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆژدا بیژەن جەزەنی و و ژمارەیەک تێکۆشەری دیکەی ئێرانی، لە کاتێکدا کە لە زیندان بوون، بەبێ ئەوەی هیچ حوکمێکی دادگایان لەسەر بێت و لە ئەنجامی بەپێی سیناریۆیەکی داڕێژراوی ساواک تیرباران کران.


بیژەن جەزەنی ساڵی ١٣١٦ هەتاوی لە تاران لەدایک بوو. هەر لە منداڵییەوە بەهۆی فەزای سیاسیی حاکم بەسەر بنەماڵەکەی تێکەڵاوی دنیای سیاسەت بوو.هەردوو بنەماڵەی باوکی و دایکی لایەنگری حیزبی توودە بوون. باوکی و مامی ئەندامی ئەو حیزبە بوون. لە تەمەنی دە دوازدە ساڵییەوە بووەتە ئەندامی ڕێکخراوی لاوانی حیزبی توودە و بەو تەمەنەوە دەستی بە چالاکیی سیاسی کردووە.

دوای کوودەتای ساڵی ١٣٣٢ی شا لەدژی حکوومەتی موسەدیق، بیژەن جەزەنیش سەرەڕای تەمەنی کەمی ڕووبەڕووی لێپێچینەوە و زیندان بووەتەوە. ئیتر لەو کاتەوە، چەندین جار قۆڵبەست کراوە و سزای زیندانی بەسەردا سەپێندراوە. هەر جارەو دوای ئازادیی لە زیندان دووبارە دەستی بە چالاکی کردۆتەوە.

بەهۆی هەژاریی بنەماڵەکەیەوە، لەپاڵ چالاکیی سیاسی، بۆ دابینکردنی بژێوی بنەماڵەکەی کاری کردووە. بۆیە ناچار بووە ڕوو لە خوێندنی شەوانە بکات.

بیژەن جەزەنی لە نێوان ساڵانی ١٣٣٩ هەتا ١٣٤٢ی هەتاوی لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی بیریان لە دەستپێکردنی خەباتی چەکداری لەدژی ڕژیمی پاشایەتی دەکردەوە. بەڵام پێش ئەوەی چالاکییەکی چەکداریی ئەنجام بدەن، بیژەن جەزەنی و چەند هاوڕێی دیکەی قۆڵبەست کران.

سەرەتا سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپێندرا. بەڵام دواتر لە ژێر گوشاری ناوەندە نێودەوڵەتییەکان سزاکەیان بۆ ١٥ ساڵ کەم کرایەوە.

لە زیندان لەگەڵ گرووپێکی چەپی دیکە یەکیان گرت و ڕێکخراوی چریکە فەداییەکانی گەلی ئێرانیان بونیاد نا. ئەو ڕێکخراوە لە نۆزدەی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٤٩ی هەتاوی بە ئەنجامدانی هیرش بۆسەر بنکەیەکی پۆلیس لە باکووری ئێران بە فەرمی دەستی بە خەباتی چەکداری کرد.

ڕژیمی پاشایەتی کە لە بیژەن جەزەنی و هاوڕێیانی داخلەدەڵ بوو، سەرەڕای ئەوەی سەرقاڵی تێپەڕاندنی سزای زیندان بوون، پیلانی کوشتنیانی داڕشت. شەوی ٢٩ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٤ی هەتاوی بەپێی سیناریۆیەکی ساختە بیژەن جەزەنی و شەش هاوڕێی دیکەی لە زیندانی ئێڤین تیرباران کرد. بۆ سبەی ڕژیمی پاشایەتی لە ڕێگەی ڕۆژنامەکانەوە ڕایگەیاند کە ئەوان گوایە لە کاتی هەڵاتن لە زیندان کوژراون. بەڵام مەئموورێکی ساواک، وەک شایەدحاڵێکی ئەو شەوە، دوای شۆڕشی گەلانی ئێران مکوڕ کە ڕژیمی پاشایەتیی بیژەن جەزەنی و هاوڕێیانی بەپێی سیناریۆیەکی پێشوەختە کۆمەڵکوژ کردووە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌