ئێران

ئیسرائیل: ڕووداوەکەی نەتەنز تەقینەوەیەکی گەورە بووە نەک هێرشی سایبری

بەیانی دوێنێ ڕووداوێک لە بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز لەناوەندی ئێران ڕوویدا، کە کاربەدەستانی ئێران بە ڕووداوێک لە بەشی سیستەمی کارەبایی بنکەکە ناویان برد و ڕایانگەیاند کە زیانی گیانیی نەبووە.

هەرچەند ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچوون کە ئەم ڕووداوە هێرشێکی سایبری بێت و دەستی ئیسرائیلی تێدابێت، بەڵام هەر دوێنێ، عەلی ئەکبەر سالحی سەرۆکی دامەزراوەی ئەتۆمیی ڕژیمی ئێران، بێ ئاماژەدان بە وردەکاریی هێرشەکە یان ئاشکراکردنی بکەرانی، ئەو ڕووداوەی وەک “تیرۆریزمی ئەتۆمی” ناولێنا و وتی: ئێران مافی ئەوەی هەیە کە وەڵامی ئەم کارە بداتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە تەلەفزیۆنی کاناڵ ١٣ی ئیسرائیل ئاشکرایکرد کە ڕووداوەکەی نەتەنز هێرش بووە و لە ڕێگەی مادەی تەقەمەنییی چێندراوەوە ئەنجامدراوە، نەک لە ڕێگەی سایبرییەوە.

ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیل، وێنەیەکی وەرگیراو بە مانگی دەستکردیان بڵاو کردووەتەوە کە پیشانی دەدات تەقینەوەیەکی بەهێز لەو بنکە ئەتۆمییە ڕوویداوە.

ڕۆژنامەکە ئاشکراشی کردووە کە ئەو تەقینەوە گەورەیە لە بنکەی نەتەنز کە تایبەتە بە پیتاندنی یورانیۆم، بۆ ماوەی نۆ مانگ، کاری پیتاندنی یورانیۆم لەو بنکەیە دوادەخات.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌