جیهان

ئەڵمانیا لە سێ مانگدا نۆ ملیۆن یۆرۆ چەکی بە تورکیا فڕۆشتووە

ئاشکرابوو کە دەوڵەتی ئەڵمانیا لە ناو سێ مانگی ئەمساڵدا بڕی هەشت ملیۆن و ٩٧٥هەزار و ٥٠٤ یۆرۆ بازرگانی چەکی لەگەڵ تورکیادا کردووە.

پارتی چەپ و پارتی سەوزی ئەنجومەنی فیدراڵی ئەڵمانیا داوای لە حکومەتی ئەو وڵاتەکرد کە بڕی بازرگانی چەک لەگەڵ هەریەک لە وڵاتانی تورکیا، میسر، بەحرەین، یەمەن، کۆەیت، عەرەبستان و قەتەر لە سێ مانگی ساڵی ٢٠٢١دا ئاشکرا بکات.

لەوبارەیەوە د. ئوولریچ نوباوم ڕاوێژکاری وەزارەتی ئابووری و وزەی ئەڵمانیا وڵامی ئەم داواکارییەی دایەوە و ئاشکرای کرد کە ئەڵمانیان لە ١ی مانگی ١ی ٢٠٢١وە هەتا ٢٣ی ئازار بە بڕی ٨ملیۆن و ٩٧٥هەزار و ٥٠٤ یۆرۆ، چەکی بە تورکیا فرۆشتووە، بەو پێیەش تورکیا لە ڕیزی سێیەمین وڵاتاندا جێگا دەگرێت کە هەرەزۆر چەکیان لە ئەڵمانیا کڕیوە ئەویش لە دوای قەتەر بە بڕی ٤١ملیۆن یۆرۆ و ئیمارات بە بڕی ٢٣ملیۆن یۆرۆ.

لە ناو جۆری ئەو چەکانەی کە ئەڵمانیا بە تورکیای دەفرۆشێت، مووشەکی جۆری LRAT  و  MRA هەیە کە تورکیا لە سەر فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان دایدەنێت و لە ئەرتساخی ئەرمەنستان، سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان، باشووری کوردستان و لیبیا لە بەکاری دێنێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌