بەرەبەیانی ئەمڕۆ، تەرمی ژنێک بەناوی (ل.ف)، لەدایکبووی ساڵی ۱۹٦٨ و دانیشتووی شارۆچکەی کفری سەر بەئیدارەی گەرمیان، گەیەندرایە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕزگار لەتیف، جێگیری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە بە ڕۆژنیوزی داوە، جەستەی ژنەکە بەتەواوەتیی سووتاوە و ئەوانیش دەستبەجێ تەرمەکەیان ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی کەلار کردوە.
ڕزگار لەتیف، وتیشی: کوڕێکی ژنەکە، لەکاتی هەوڵدان بۆ کوژانەوەی ئاگرەکە، بەشێکی جەستەی سووتاوە و دوای چارەسەری سەرەتایی، ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراوە.
دەربارەی وردەکاریی ڕووداوەکە، ئەیوب حسێن، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە گەرمیان ڕایگەیاند: تیمەکانمان چونەتە شوێنی ڕووداوەکە و هێڵکارییان بۆکردوه، بەپێی لێکوڵینەوە سەرەتاییەکان، ژنەکە خۆی ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداوە.
وتیشی: لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، بەڵام لەبەر ڕێڕەوی لێکوڵینەوەکان، زانیاریی زیاتر ئاشکرا ناکەین.