کوردستان

عومەر ئۆجالان پەرلەمانتاری هەدەپە: دەبێ کۆمیتەی سی.پی.تی لە دژی گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی هەڵوێست نیشان بدات

عومەر ئۆجالان پەرلەمانتاری هەدەپە دەڵێ کەس نازانێ لە دوورگەی ئیمراڵی چی دەقەومێت. ئەو هەروەها ڕەخنە لە بێهێڵوێستیی سی پی تی و یەکێتیی ئەورووپا لەبەرامبەر گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجالان دەگرێت و دەڵێ بەو گۆشەگیرییە تورکیا دەخەنە ناو چاڵێکی قووڵەوە.

عومەر ئۆجالان پەرلەمانتاری هەدەپە لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فوڕات سەبارەت بەو دەنگۆیانەی ماوەیەک لەمەوبەر لەبارەی تەندرووستیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجالانەوە بڵاو کرایەوە، وتیی: “بەداخەوە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژڕاو و چەواشەکارانە دەنگۆی لەو چەشنە بڵاو دەکەنەوە.”

ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە کە لە هەمانکاتدا برازای ڕێبەر ئاپۆیە وتی: زیاتر لە ساڵێکە هیچ زانیارییەک لەبارەی بەڕێز ئۆجالان لەبەردەست نییە. ساڵێکە پارێزەران و بنەماڵە بەردەوام داوای چاوپێکەوتن دەکەن. کەچی هەموو جارێ ڕەتی دەکەنەوە.”

عومەر ئۆجالان سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفۆنییە کورتخایەنەکەی ئەمدواییەش وتی: دوای چوار پێنج خولەک پەیوەندییەکەیان پچڕاند. ئەوە قەت نابێتە دیدار و چاوپێکەوتن. دەوڵەت بە ئەنقەست ئەو کارە دەکات.

ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە تەئکیدی کردەوە کە دەبێ کۆمیتەی ئەورووپایی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە ناسراو بە سی.پی.تی لەدژی گۆشەگیری هەڵوێستی جیددیی هەبێت.

عومەر ئۆجالان وتی: “سی پی تی ئیدعا دەکات کە گوایە دژی ئەشکەنجەیە. لە ئیمراڵی ئەشکەنجەی دژوار هەیە. نابێ ئەوە قبووڵ بکات. ڕێکخراوە حقووقییە نێودەوڵەتییەکان کوان؟ ئەوانەی خۆیان پێ دیموکڕاتە و دەڵێن گوایە دژی ئەشکەنجەن، لە کوێن؟ دەبێ سی پی تی هەڵوێست نیشان بدات ئەرکی خۆی بەجێ بهێنێت.دەبێ کۆنسەی ئەورووپا، یەکێتیی ئەورووپا و دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپایی گوشار بخەنە سەر تورکیا.

پەرلمانتاری هەدەپە هەروەها بەبیری هێنایەوە کە گۆشەگیری تەنانەت لە بەرژەوەندیی تورکیاش نییە. لەو بارەیەوە وتی: بە سەپاندنی گۆشەگیریی لەسەر ڕێبەر ئۆجالان تورکیایان خستووەتە چاڵێکی قووڵەوە.

عومەر ئۆجالان تەئکیدی کردەوە کە کێشەی کورد بە ڕێگای دیالۆگ چارەسەر دەکرێت. بۆ ئەو بابەتەش ڕێبەر ئاپۆ بەردەنگە.

Mesajên peywendîdar