کوردستان

ئۆتۆمبێلێکی سەربازی تورکیا لە عەین عیسا تێکشکێنرا

ئاژانسی هەواڵی هاوار بڵاویکردووەتەوە، شەڕڤانانی قەسەدە لە کاتی وەڵامدانەوەی هێرشێکی سوپای تورکیا کە ئامانجی داگیرکردنی گوندی سەیدای سەر بە ناوچەی عەین عیسایە، زیانیان بە ئۆتۆمبێلی سەربازیی تورکیا گەیاند، دواتریش گوندەکانی سەربە پارێزگای شەهبا، لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانییەوە تۆپباران کران.

سوپای تورکیا و چەتەکانی لە دەوروبەری کاتژمێر ٢:٣٠ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەوڵیانداوە گوندی سەیدای سەر بە ناوچەی عەین عیسا داگیر بکەن، بەڵام شەڕڤانانی قەسەدە وەڵامیان دانەوە و هێرشەکەیان شکست پێهێنا.

شەڕڤانانی قەسەدە لە کاتی وەڵامدانەوەی هێرشەکەدا، توانییان ئۆتۆمبێلیکی سەربازیی سوپای داگیرکەر تێکبشکێنن، لە دوای شکستی هێرشەکەش، تورکیا گوندی سەیدا، ڕێگای نێودەوڵەتی ئێم٤، چێشتخانەی خورما و دەوروبەری ناوەندی ناوچەی عەین عیسای تۆپباران کرد.

هەروەها گوندی زیوان و بەنداوی شەهبا لە پارێزگای شەهبا لەلایەن سوپای تورکیا و چەتەکانیەوە تۆپ باران کران.

Mesajên peywendîdar