جیهان

نووسەرێکی ئەڵمانی: دبێ حکوومەتی ئەڵمانیا بۆ ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان گوشار بخاتە سەر تورکیا 

هاینس یورگن شنایدەر نووسەری ئەڵمانی داوا لە حکوومەتی ئەڵمانیا دەکات بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجالان گوشار بخاتە سەر ڕژیمی تورکیا.

کەمپەینی سەرتاسەریی ئازادی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجالان، لەسەر ئاستی نێودەڵەتی تا دێت زیاتر دەنگ ئەداتەوە. تا ئێستا دەیان نووسەر، ئەکادیمسییەن، هونەرمەند و ڕووناکبیری جیهانی لە پشتیوانیی. “هاینس یورگن شنایدەر” نووسەری ناوداری ئەڵمانی یەکێ لەو کەسانەیە.

“هاینس یورگن شنایدەر” دەڵێ دەبێ حکوومەتی ئەڵمانیا بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجالان هەوڵ بدات.

یورگێن شنایدەر کە هاوکات لەگەڵ نووسینی ڕۆمانی پۆلیسی، مافناسیشە ئەو قسەیەی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فوراتدا کردووە.

ئەو نووسەرە ئەڵمانییە بە ئاژانسی فوراتی وت کە لە مێژە هەوڵ ئەدات بەدواداچوون بۆ بابەتی سەپاندنی گۆشەگیریی ڕەها لەسەر ڕێبەری گەلی کورد و پێشێلکردنی بنەما حقووقییەکان لە زیندانی ئیمراڵی بکات.

یورگن شنایدەر هەڵوێستی حکوومەتەکەی ئانگێلا مێرکێل ڕاوێژکاری ئەڵمانیا سەبارەت بە “ئالێکسی ناوانلی” بەرهەڵستکاری ڕووسی بەبیر هێنایەوە و وتی: “ڕێبەری گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجالانیش هاوشێوەی “ئالێکسی ناوانلی” کێشەی تەندرووستیی هەیە. دەبێ حکوومەتی مێرکێل هەوڵ بدات ئۆجالانیش بهێنێتە بەرلین و چارەسەری پزیشکیی بۆ وەرگرێت.”

ئالێکسی ناوانلی بەرهەڵستکاری حکوومەتی پووتین ساڵی ڕابردوو دوای ئەوەی لە ڕووسیا ژەهراوی کرا، بە فڕۆکەیەکی تایبەتی حکوومەتی ئەڵمانیا گواسترایەوە بەرلین و خرایە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە.

ئەو نووسەرە ئەڵمانییە هەروەها تەئکیدی کردەوە کە دەبێ ئەڵمانیا بۆ ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان گوشاری سیاسی بخاتە سەر ڕژیمی تورکیا. شنایدەر وتی: “ئەگەر ئەڵمانیا بۆ ئەم مەسەلە هەنگاوێک نەنێت،ئەوکاتە دەتوانین بڵێین هەڵوێستێکی دوو ڕووانەی بەنیسبەت کەیسی ئالێکسی ناوانلی و عەبدولڵا ئۆجالان هەیە.

هانس یورگن شنایدەر چەندین ساڵ وەک پارێزەر کاری کردووە. دواتر وازی لە کاری پارێزەری هێناوە و دەستی بە نووسینی ڕۆمانی پۆلیسی کردووە. تا ئێستا چەندین ڕۆمانەی لەو ژانرەدا بڵاو کراوەتەوە.

ساڵی ٢٠١١ کۆمەڵێ پارێزەری ئەڵمانی بە پێشەنگایەتیی هانس یورگن شنایدەر و پاڕێزێکی دیک بەناوی “بریتا ئەدەر” لە دادگاکانی ئەڵمانیان سکاڵایەکیان لەدژی ئەردۆغان و دەسەڵاتدارانی تورکیا تۆمار کردبوو و داوایان کردبوو لە ئەگەری سەردانیان بۆ ئەو وڵاتە دادگایی بکرێن.

Mesajên peywendîdar