کوردستان

بیست و نۆ لایەنی کوردستانی داوای هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنی شەنگال دەکەن

لەدژی هەڕەشەکانی دەوڵەتی بەغدا لە دەستکەوتەکانی هەرێمی شەنگال، پشتگیرییەکان لە کوردستان و دەرەوەی وڵات لە خەڵکی ئەو هەرێمە زیاتر دەبێت.

نوێنەرایەتیی ٢٩ پارت و ڕێکخراوی کوردستانی لە ئەورووپا لە نامەیەکی هاوبەشدا بۆ بەرپرسانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و نەتەوە یەکگرتووەکان داوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەتنامەی شەنگالیان کرد.

لە نامەکەدا کە ئاراستەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی فەڕەنسا، ئەمریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کراوە، هاتووە: “ئەو ڕەوشەی لە شەنگال هاتووەتە ئاراوە جێگەی نیگەرانییە. دوای کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ٢٠١٤ چاوەڕێ بووین گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لەو هەرێمە بێتە ئاراوە. بەڵام بەداخەوە دەبینین کە هەردوو حکوومەتی بەغدا و هەولێر هیچ وانەیەکیان لەو کۆمەڵکوژییە وەرنەگرتووە و بۆچوونیان لەسەر گەلی ئێزدی هیچ نەگۆڕاوە.”

لە نامەکەدا ئاماژەوە بەوە کراوە کە بەغدا و پەدەکە لەو ڕێککەوتنەی لەسەر شەنگال واژۆیان کردووە، بەهیچ شێوەیەک بۆچوونی ئێزدییەکانیان وەرنەگرتووە. بۆیە بەلای ئێزدییەکانەوە هیچ بایەخێکی نییە و دەبێ هەڵوەشیتەوە.

هاوکات هاوڵاتیانی نیشتەجێی کەمپی مەخمووریش لەسەر پیلانەکانی دژی خۆبەڕێوبەریی شەنگال کاردانەوەیان نیشان داوە و داوایان لە خەڵکی باشوور کردووە بۆ شەنگال هەستنە سەرپێ و بیپارێزن.

Mesajên peywendîdar