ژن

وەزیری دەرەوەی سوید لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد گفتوگۆی کرد

ئان لیندە لەسەر ئەژماری خۆی لە فەیسبووک و ئینستاگرام ڕایگەیاندووە کە دوێنێ لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد تێروتەسەلی سەبارەت بە ڕەوشی سووریا قسەی کردووە.

وەزیری دەرەوەی سوید لەو وتووێژەدا پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ بەشداریی مەسەدە لە هەر دانووستانێک سەبارەت بە داهاتووی سووریا دەکرێت، دووپات کردۆتەوە.

ئان لیندە نووسیویەتی: “لەگەڵ ئیلهام ئەحمەدە گفتوگۆیەکی باشمان لەسەر مژارێکی دژوار ئەنجام دا. سووریا وڵاتێکی لەتوپەتکراوە. پێویستمان بە قۆناغێکە کە هەموو لایەنەکان لەدەوری یەک کۆ بکاتەوە بۆ ئەوەی هەمووان بەیەکەوە بتوانن برینەکانی ئەو وڵاتە ساڕێژ بکەنەوە.”

وەک وەزیری دەروەی سوید ئاماژەی پێداوە، قسەکردن لەسەر چارەنووسی ئەو چەتە داعشییە بیانیانەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستبەسەر کراون، مژارێکی دیکەی گفتوگۆکەی هەروولا بووە.

ئان لیندە ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی پێی باشە تا ئەو جێگەی دەکرێت، ئەو چەتە بیانیانە لەو شوێنەی تاوانیان ئەنجام دادگایی بکرێن.

ئیلهام ئەحمەدیش لە گفتوگۆ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوید ڕەخنەی لە هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەنیسبەت ئەندامە بیانییەکانی داعشەوە گرتووە و وتوویەتی: کارێکی درووست نییە، وڵاتانی بیانی تەنیا منداڵانی بنەماڵەکانی داعش وەردەگرنەوە و دایکەکانیان لە کەمپەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەهێڵنەوە.

ئان لیندە دووپاتی کردۆتەوە کە سوید پەیوندیی پتەوی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەیە و ئامادەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندڕۆیی هاوکاریی ئەو بەڕێوەبەڕایەتییە بکات.

Mesajên peywendîdar