پارتی “ئانتی کاپیتالیستی فەڕەنسا، ئێن.پێ.ئا، لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڵکوتانی پۆلیسی ئەو وڵاتە بۆسەر ناوەندە کوردییەکان و دەستبەسەرکردنی کوردانی شەرمەزار کرد.
لە راگەیاندراوەکەی پارتی ئانتی کاپیتالیستی فەڕەنسادا هاتووە: “هەڵسوکەوتى لەوچەشنەی پۆلیس لە دژی نوێنەرانی گەلێکی تێکۆشەر قبوڵ ناکرێت. ئاشکرایە کە ئیمانوێل ماکرۆن و حکومەتەکەى فەرمانەکانی ئەردۆغانی دیکتاتۆر جێبەجێ دەکەن.”
ئەو پارتییە فەڕانسەوییە، بە ئاماژەدان بەوەی کە گەلی کورد گەورەترین خەباتی لەدژی داعش ئەنجام داوە، ڕایگەیاندووە: بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت ماکڕۆن خزمەت بە دەسەڵاتی ئەردۆغان دەکات.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “ئێمە ئەو رێوشوێن و هەڵسوکەوتە ئابڕووبەرانەی پۆلیسی فەڕەنسا ئیدانە دەکەین و دەمانەوێت چالاکانی دەستبەسەرکراوی کورد کە ئێستا لێکۆڵینەوەىان لەگەڵ دەکرێت، بە زووترین کات ئازاد بکرێن.
پۆلیسی فەرەنسا ڕۆژی ٢٣ی مارس لە شارەکانی پاریس، مارسێی و دراگونیگان هەڵیکوتایە سەر ناوەندە کوردییەکان و ماڵ و مارکێتەکانی هاووڵاتیانی کورد و سێزدە کەسی قۆڵبەست کرد. دەوڵەتی فەرەنسا سزای دەستبەسەرکردنی بۆ ٧ کەس لەو قۆڵبەستکراوانە دەرکردووە.
ئەو هێرشەی پۆلیس چەند هەفتە دوای گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیی نێوان ئیمانوێل ماکڕۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا و ئەردۆغان هاتە ئاراوە.
پێشتریش چەندین حیزب، لایەنی و کەسایەتیی فەڕانسەوی ئەو پەلامارانەی پۆلیس و حکومەتى ماکرۆنیان بە توندی ئیدانە کردووە.