Uncategorized ژن

کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ بەشە گرینگەکانی بەیاننامەی مافەکانی ژنان وەلانرا

نوێنەرانی وڵاتان لە کۆمیسیۆنی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرەنجام بەیاننامەیەکیان پەسەند کرد کە تێیدا باس لە لانیکەمی مافەکانی ژنان کراوە. پێشتر بەشە هەرە گرینگەکانی بەیاننامەکە لەسەر داوای هەندێ وڵات وەلا نرابوو.

لە ٦٥مین کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمیسیۆنی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان دانیشتنێکی ئۆنلاین لەبارەی نووسینی بەیاننامەیەکی هاوبەش سەبارەت بە مافەکانی ژنان بەڕێوە چوو. لە دانیشتەکەدا کە پێنج هەفتەی خایاند و دوێنێ کۆتایی هات، گفتوگۆ لەسەر ڕەشنووسی بەیاننامەیەکی ٥٠ لاپەڕەیی و هەشتا پەرەگرافی لەبارەی مافەکانی ژنان دەکرا.

وڵاتانی ڕووسیا، واتیکان، کووبا، بەحرین و چەند وڵاتی دژی ڕەشنووسەکە دەرکەوتن. سەرەنجام دوای پێنج ڕۆژ، بەیاننامەکە بۆ ٢٤ لاپەڕە و ٦٤ پەرەگراف کەم کرایەوە.

تەواوی ئەو بەشانەی کە بابەتاکانی “ئازاردانی جنسیی ژنان” و داکۆکی لە یەکسانیی جێندەریی تێدا جێگیر کرابوو، لە ڕەشنووسەکە وەلا نراون یان دەستکاریی کراون.

هەندێ لە دیپلۆماتکارانی ئەورووپایی ڕەخنەیان لە هەڵوێستی “کۆنەپارێزانە” و “بەرچاوتەنگانە”ی ڕووسیا و کۆمەڵێ وڵاتی دیکە لەبارەی بەیاننامەکە گرتووە و وەک هۆکاری دەستکاریی ڕەشنووسەکە لێکیان داوەتەوە.

Mesajên peywendîdar