ئێران

ڕیژەی هەڵاوسان لە ئێران؛ سنە زیاترین ڕێژەی هەڵاوسانی هەبووە

بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرزترین ڕێژەی هەڵاوسانی لە ساڵی ڕابردووی هەتاویدا هەبووە. دوای سەنش، ڕێژەی هەڵاوسان لە پارێزگای بویرئەحمەد لە هەرێمی لورستان بەرزترین ئاستی تۆمار کردووە.

لە هەرێمەکانی زاگرۆس لەگەڵ ئەوەی ڕێژەی بێکاری و هەژاری لەچاو شوێنەکانی دیکەی ئێران زیاترە، بەرزترین ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەشیان تۆمار کردووە.

بەگوێرەی دوایین ئامارێک کە ناوەندی ئاماری ئێران بڵاوی کردۆتەوە، ساڵی ڕابردوو ڕیژەی هەڵاوسان لە پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٣٩ لەسەد بووە کە بەرزترین ڕێژەی لە چاو پارێزگاکانی دیکەی ئێران تۆمار کردووە. دوای سنەش پارێزگای بویرئەحمەد لە هەرێمی لوڕستان، بە ڕێژەی هەڵاوسانی ٣٧ لەسەد هاتووە.

هەروەها زیاترین ڕێژەی هەڵاوسانی مانگ بە مانگی شارنشینان تا پێش نەورۆزی ئەمساڵ لە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە. ڕێژەی هەڵاوسانی شارنشینان لە ئیلام ٣٨.٤ لەسەد بووە. گوندنشینانی پارێزگای کرماشانیش بەرزترین ڕێژەی هەڵاوسانیان لەناو دانیشتووانی گوندەکاندا هەبووە.

هەر بەپێی ئەو ئامارانە میانگینی ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵی ڕابردوو ٣٤ لەسەد بووە. هەروەها ڕێژەی هەڵاوسانی مانگی نەورۆز لەچاو مانگی ڕەشەمێی ساڵی ڕابردوو گەیشتۆتە ٣٢ لەسەد.

ئەمە لە حاڵێکدایە بەرواردکردنی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شتومەک لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ڕاستیی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران دەباتە ژێر پرسیارەوە. نرخی زۆربەی کاڵا و پێداویستییە سەرەتاییەکان لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا بەڕادەیەکی بەرچاو بەرزۆ بۆتەوە و هەندێکیان دووقات و تەنانەت چەند قات زیادی کردووە.
هەندێ لە چاودێرانی ئابووریش بەگومانەوە لەو ئامارانە دەڕوانن و دەڵێن ڕێژەی ڕاستەقینەی هەڵاوسان لەسەرووی ٥٠ لەسەدەوەیە.

ئەگەرچی ناوەندی ئاماری ئێران پێشبینی کردووە ڕێژەی هەڵاوسانی لە کۆتایی بەهاری ئەمساڵدا کەم ببێتەوە، بەڵام داڕمانی نرخی نەوت و بەردەوامیی سزاکانی ئەمریکا لەپاڵ ناکارامەیی سیاسەتە ئابوورییەکانی ڕژیم درووستبوونی ئەو پێشبینیانە دەبەنەوە ژێر پرسیارەوە.

Mesajên peywendîdar