ئێران

ڕەوشی ئابووری هۆکاری کردنەوەی بازاڕەکان بووە

گوتەبێژی وەزارەتی تەندرووستیی ئێران مکوڕ هاتووە لەوەی کە حکوومەت بەهۆی ڕەوشی ئابوورییەوە، نەک کەمبوونی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا، بڕیاری کردنەوەی دووکان و بازاڕەکانی داوە. هەروەها ڕایگەیاندووە کە هیچ گەرەنتییەک نییە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا جارێکی تر نەچێتەوە سەرەوە.

ڕژیمی ئێران ماوەیەکە بریاری داوە دووکان و بازاڕەکانی ناو شارەکان بکرێنەوە و لە دوێنێشەوە قەدەغەی هاتوچۆی لە نێوان پارێزگاکاندا هەڵگرتووە. هاوکات لەگەڵ ئەمەش ئاماری ڕۆژانەی تووشبووان و قوربانیانی بەرەو کەمبوونەوە نیشان داوە.

ئیرەج حەریرچی گوتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی کە ئامارەکانی پەتای کۆرۆنا بڵاو دەکاتەوە، زیاتر لە هەفتەیەکە هەر ڕۆژ ژمارەی تووشبووان و قوربانیان کەمتر لە چاو ڕۆژی پێشوو نیشان دەدات.

ئەو بەپرسەی وەزارەتی تەندرووستیی ڕژیم، هاوکات مکوڕ هاتووە لەوەی کە هۆکاری سەرەکیی کردنەوەی بازاڕەکان، نەک کەمبوونەوەی ئامارەکانی کۆڕۆنا، بەڵکوو ڕەوشی خراپی ئابووری بووە.

ڕژیمی ئێران بەپێچەوانەی زۆربەی وڵاتان، لەکاتی قەرەنتینەی سەرتاسەریی ڕانگەیاند/ هەروەها سەرەڕای بڕیاری داخستنی بازاڕەکان، هاوکاریی ئەو خاوەنکار و کاسبکارانە نەکرد کە تووشی زیانی ماددی بوون.

حەریرچی هەورەها هۆشداریی داوە کە ئەگەری سەرهەڵدانی شەپۆلێکی نوێی تووشبون بە کۆرۆنا لە ڕۆژانی داهاتوودا هەیە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە هاوکات لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکان بەرپرسانی چەند پارێزگا ڕایانگەیاندووە کە ڕێژەی تووشبووان لەو پارێزگایانە جارێکی تر زیادی کردووە.

بەپێی دوا ئاماری فەرمی، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئێران گەیشتۆتە نزیکەی ٨٥ هەزار کەس و ژمارەی قوربانیانیش بووەتە ٥ هەزار و ٢٩٧ کەس. بەڵام سەرچاوەکانی تر دەڵێن ئاماری ڕاستەقینەی تووشبووان و قوربانیان زۆر لەو ئامارانەی ڕژیم زیاترە.

Mesajên peywendîdar