ئێران

مانەوە لە ماڵ بێ بژیو بەرامبەر لە گەڵ برسیەتی

گەلانی ئێران لە نێوان بەرداشی پەتای کۆرۆنا و سیاسەتە هەڵەکانی ڕژیمدا گیریان خواردووە. لەلایەکەوە بڵاوبوونەوەی پەتاکە لە ئاستێکدایە کە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پێویست دەکات رێوشوێنی قەرەنتینەی گشتی بگیرێتە بەر. لەلایەکی دیکەوە دەوڵەت ئامادە لانیکەمی بژێوی ژیانی زیان لێکەوتووان دابین بکات. دەوڵەت دەڵێ هەتا دەتوانن لە ماڵەکانتان بمێننەوە، خەڵکیش دەڵێن مانەوە لە ماڵەکان بێ دابینکردنی ژیان یەکسانە بە برسێتی.


ڕژیمی ئێران لە ماوەیی نزیکەی دوو مانگی ڕابردوودا کە پەتای کۆرۆنا لەو وڵاتە بڵاو بۆتەوە داوای لە خەڵک کردووە لە ماڵەکانیان بمێننەوە و هەندێ جار دووکان و بازاڕەکانی داخستووە. بەڵام بەپێچەوانەی وڵاتانی دیکە هیچ جۆرە هاوکارییەکی ئەو کەس و بنەماڵانەی نەکردووە کە بۆ بژێوی ژیانیان پشت بە کار و سەرمایەی خۆیان دەبەستن.

زۆربەی ئەو بنەماڵانەی دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماڵەکانیان لە قەرەتنیەندا، هیچ جۆرە هاوکارییەکی مادییان پێنەگەیشتووە.

ئەمەش سەرەڕای ئەو دۆخە خراپە ئابوورییەی بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا بەرۆکی گەلانی ئێرانی گرتووە، ڕەوشی زۆربەی بنەماڵەکانی خراپتر کردووە.

ڕەوشەکە گەیشتۆتە ئاستێک کە وەک هەندێکیان دەڵێن “ئیتر نان نەماوە بیخۆن.”

بەشێک لە هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کەمپەینێکیان لەسە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە دژی بێبەرنامەیی ڕژیم سەبارەت بە قەرەنتینەکردنی شارەکان دەست پێکردووە. ئەوان بە بڵاوکردنەوەی وێنەکانیان و نیشاندانی درووشمگەلی وەک “قەرەنتینە بەبێ بژێوی ژیان یەکسانە بە برسییەتی” هەوڵ دەدەن لە دژی ئەو دۆخە خراپە
ئابوورییەی تێیکەوتوون، ناڕەزایەتیی دەرببردن.

ئەو هاوڵاتیانە لە وێنەکانیاندا ئاماژە بە هاواری منداڵەکانیان بۆ نان دەکەن و لە زمانی ئەوانەوە دەنووسن “باوکە، ئیدی نان نەما.”

هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە، گەلانی ئێران لەنێوان دوو مەترسیی مانەوە لە ماڵەکانیان و برسییەتی یان چوونە سەرکاری ڕیسکی تووشبوون بە کۆرۆنادا ماونەتەوە.

کاربەدەستانی باڵای ڕژیم لە ماوەی نزیکەی دوو مانگی ڕابردوودا ناوە ناوە دژی قەرەنتینەکردنی گشتی لێدوانیان داوە و بە کۆمەڵێ بیانووی نالۆژیکی ڕەتیان کردۆتەوە. بەڵام هۆکاریی سەرەکیی وەک سەرۆک کۆماری ڕژیمیش بەمدواییە دانی پێدا ناوە ئەوە بووە کە دەوڵەت ناتوانێ لانیکەمی بژێوی ژیانی خەڵکەکەی دابین بکات.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری چەند ڕۆژ لەمەوبەر ڕایگەیاندووە کە ئەگەر قەرەنتینەی گشتی لە شارەکان ڕابگەیەندرێت ئەوا سی ملیۆن برسی دەڕژێنە سەر شەقامەکان.

Mesajên peywendîdar