جیهان

تەشەنەکردنی کۆرۆنا لە ئەروپا و ئەمریکا و مەترسیی قەیرانی ئابووریی دوای پەتاکە

پەتای کۆرۆنا بەرۆکی وڵاتانی پێشکەوتووی ئەورووپا و ئەمریکاشی گرتووە. لە هەندێ لەو وڵاتانە سەرەڕای ئەوەی چەند مانگە ڕێوشوێنی توند بۆ خۆپارێزیی گیراونەتە بەر، ئاماری تووشبووان بەمدواییە چەند قات زیادی کردووە. کۆرۆنا نەک هەر دڵەوڕاوکێی بەناو خەڵکدا بڵاو کردۆتەوە بەڵکوو مەترسیی بۆ زۆربەی کۆمپانیا گەورەکانیش درووست کردووە.

بەمدواییە وڵاتی هیندوستان بڕیاری دا هەناردەکردنی حەبی پاراسێت و دەرمانی ئانتی بایوتیک بۆ ئەورووپا ڕابگرێت. هیندوستان هۆکاری ئەو بڕیارەی بۆ مەترسیی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا گەڕاندۆتەوە و ڕایگەیاندووە کە لەوانەیە خۆیان پێویستیان بێت.

٢٦ لەسەدی دەرمانی ئەرووپا لە هیندەوە دێت و ئەو بڕیارە کاریگەریی یەکجار گەورە لەسەر پێداویستیی دەرمانی ئەورووپا دادەنێت. وڵاتانی ئەرووپا ترسیان لەو بڕیارەی هیند نیشتووە و داوای گفتوگۆیان لەگەڵ ئەو وڵاتە کردووە.

هەندێ لەو چاودێران نەمانی دەمامک و ژێلی ئانتی باکتری لە مارکێتەکانی ئەورووپا و ئەمریکا بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە بەشێکی بەرچاوی ئەو بەرهەمانە لە چینەوە هەناردە دەکران. ئێستا بەهۆی کۆرۆناوە ڕێژەی هەناردەکردنیان کەمی کردووە.

مەسەلەکە هەر بە دەرمانەوە نەوەستاوە. ترس لە نەمانی ئەو پێداویستیانە و فۆبیای قاتوقڕی بەشێک لە دانیشتووانی وڵاتانی پێشکەوتووی گەیاندۆتە ئاستێک کە هەندێ جار لەسەر بەستەیەک کاغەزی توالیت بەیەکتردا هەڵپرژێن.

ڕەنگە ئەو ترسە هێندەش بێبنەما نەبێت. بەشێکی بەرچاوی پێداویستیی ڕۆژانەی ئەرووپا لە جلوبەرگەوە بگرە هەتا خۆراک لە چین و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بەرهەم دەهنێدرێن. ئەو وڵاتانەی کە ئەمڕۆژانە زیاتر لە هەموو شوێنێک بەدەست مەترسیی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەناڵێنن.

لە لایەکی ترەوە وردە وردە خەریکە کاریگەرییەکانی کۆرۆنا لەسەر ئابووریی تێکئاڵاوی جیهانی دیار دەبێت.

بە گوێرەی هەندێ ڕاپۆرت، کۆمپانیا زەبەلاحەکان و گەورە سەرمایەدارانی جیهان تا ئێستا بەهۆی کۆرۆناوە زیاتر لە ٤٠٠ ملیار دۆلار زیانیان کردوووە.

هۆکاری بەشێکی بەرچاوی ئەو زیانانە دابەزینی نرخی پشکەکان لە بازاڕەکانی بۆرسە بووە. پێوانەی بۆرسەی نیۆیۆرک ئەم ڕۆژانە کەمترین ئاستی لەدوای قەیرانی ئابووریی ساڵی ٢٠٠٨ تۆمار کردووە.

ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەی ئابووری لە تازەترین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە ئەگەری پووکانەوەی ئابووریی جیهان لە چەند هەفتەی داهاتوودا هۆشداریی داوە.

ڕێک لە سەردەمێکدا کە گلۆبالیسم و مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە لووتکەی تەڕاتێندایە، ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتووە و خەریکە شادەمارەکانی وشک دەکات. ترس لە داڕمانی ئابووریی گلۆبال خەریکە دەبێتە ترسێکی جیددی.

هەر ئەم ترسەیە وای لە خەڵک کردووە لە وڵاتانی پێشکەوتوو بێت یان جیهانی سێیەمی، وەکوو یەک هەڵسووکەوت بکەن و بۆ ئەنبارکردنی پێداویستییەکانیان هورووژم بۆ مارکێتەکان بەرن.

لەم ڕۆژانەدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە باس و خواسی هەموو جیهان، پرسیارێک کە وردە وردە خەریکە دەورووژێت ئەوەیە کە گەلۆ بڵێی ئەو ڤایرۆسە نەدیتکەیە فیرعەون و نەمروودەکانی سەرمایەداریی گلۆباڵ بەچۆکدا بهێنێت؟

ئه‌مانه‌ش ببینه‌