جیهان

هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی ئیران ٢٣ منداڵیان کوشتووە

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەڵەتی دەڵێ هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە کاتی سەرکوتی خۆپێشاندانەکانی خەزەڵوەردا چەندین منداڵیان کوشتووە. ڕێکخراوی “فریدم هاوس”یش لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا ڕایگەیاندووە کە ڕژیم بە فیشەک وڵامی خۆپێشاندەرانی داوەتەوە.

ڕێکخراوەکە دەڵێ زانیاریی هەیە کە ڕژیمی ئێران لانیکەم ٢٣ منداڵیان لە ١٣ شاری جیاواز و لە کاتی سەرکوتی خۆپێشاندانەکانی خەزەڵوەردا کوشتووە.

بە گوێرەی ئەو ڕێکخراوە، تەمەنی زۆربەی منداڵە کوژراوەکان لە نێوان ١٢ بۆ ١٧ ساڵ بووە، یەکێکیشیان کچێکی تەمەن ٨ بۆ ١٢ ساڵان بووە.

ڕێکخراوەکە دەڵی بۆی دەرکەوتووە کە فیشەک بەر سەر و سینگی زۆربەی ئەو منداڵانە کەوتووە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەڵەتی جەخت لە دادگایی کردنی بەرپرسان و بکەرانی ئەو کوشتارانە دەکاتەوە. هەروەها داوا لە ئەندامانی شوورای مافی مرۆڤ سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەکات، لە تاوانی کوشتاری خەڵکی بێتاوان، بەتایبەت منداڵان لە ئێران بکۆڵنەوە.

لە لایەکی ترەوە ڕێکخراوی ماڵی ئازادی “فریدم هاوس”یش، لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا ڕژیمی ئێرانی بە سەرکوتی بەربڵاوی خۆپێشاندەران تۆمەتبار کردووە.

لە ڕپۆرتەکەی فیدم هاوسدا هاتووە کە هێزە ئەمنییەکان بە فیشەکی جەنگی ڕووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەتەوە و بە سەدان کەسیان کوشتووە. ڕاپۆرتەکە هەروەها ئێرانی بە “خراپترین وڵات لە ڕووسی ئازادیی ئەنتەرنێت”ەوە ناو بردووە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌