جیهان

بەرپرسانی ڕژیمی ئێران تووشی سەرلێشێواوی کردووە

بڵاوبوونەوەی خێرای پەتای کڕۆنا لە ئێران سەرلێشێواوی و پشێویی لەناو کاربەدەستانی ڕژیمدا درووست کردووە. ئەم یەکە بەتایبەت لە لێدوانی بەرپرسە دەستڕۆیشتووەکانی ڕژیمدا ڕەنگی داوەتەوە. هەندێکیان کڕۆنا بە کەمبایەخ دەزانن و هەندێکیان جیددی. هەندێکیان دەڵێن لە شەممەوە هەموو شتێک ئاسایی دەبێتەوە. هەندێ تریان دەڵێن لە شەممەوە لە ترسی کڕۆنا هەموو قوتابخانەکان دادەخرێن. ئەم لە کاتێکدایە کە قوتابخانەکان لە زۆرینەی شارەکان حەفتەیەک زیاترە داخراوە.

سەرەڕای ئەوەی خەڵک بە گومانەوە سەیری ئەو ئامارانە دەکەن کە بەرپرسانی ڕژیم سەبارەت بە ژمارەی تووشبووان و قوربانیانی پەتای کڕۆنا بڵای دەکەنەوە، لێدوانە دژبەیەکەکانی بەرپرسانی ڕژیم هەم درۆکانیان لەقاو دەدات و هەمیش سەرلێشێواوی و پشێویی ناویان ئاشکرا دەکات.

بەرپرسانی ڕژیم دوای ماوەیەکی زۆر پەردەپۆشی و نکۆڵی، سەرەنجام مکوڕ هاتن لەوەی کە پەتای کڕۆنا گەیشتۆتە ئێرانیش و هەر لە یەکەم ڕۆژەکانەوە گیان لەدەستدانی چەند کەسێکیان بەهۆی ئەو پەتایەوە ڕاگەیاند.

دواتر کاتێ زانیان تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کڕۆنا خەریکە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت هەوڵیان دا بە لێدوانەکانیان مەترسییەکان کەمبایەخ نیشان بدەن و وەک ئەنفڵۆنزایەکی ئاسایی لە قەڵەمی بدەن.
بەڵام لێدوانەکانیان سەبارەت بە ئاماری تووشبووان و قوربانیانی کڕۆنا نەک هەر لەگەڵ یەک نەدەهاتنەوە، بەڵکوو زۆر جار تەواو دژبەیەکیش بوون.

عەلی خامەنەیی هەفتەی ڕابردوو، لە وتارێکدا کڕۆنای بە ڤایرۆسێکی “کەمبایەخ” لەقەڵەم دابوو و بڵاوکردنەوەی هەواڵی تایبەت بە کڕۆناشی بە پیلانی گوایە دوژمنان بۆ ساردکردنەوەی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان ناوبردبوو.

بەڵام چەند ڕۆژ دواتر ماڵپەری فەرمیی خامەنەیی ئەم لێدوانەی ناوبراوی دەسکاری کرد و وشەی کەمبایەخەی لەناو دەقی قسەکانی سڕیەوە. دواتریش خودی خامەنەیی لە پەیامێکی ڤیدیۆیی سەرسووڕهێنەردا قسەکانی پێشووی خۆی خواردەوە و ئەمجارە کڕۆنای وەک ڤایرۆسێکی “کەمبایەخ” ناو برد.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ڕژیمی ئێرانیش چەند ڕۆژ لەمەوبەر کڕۆنای بە پیلانی نەیاران بۆ لێدانی ئێرانەوە گرێ دابوو، بەڵێنیشی دابوو لە ڕۆژی شەممەوە هەموو شتێک لە ئێران ئاسایی دەبێتەوە و قوتابخانە و شوێنە گشتییەکان دەکرێنەوە.

کەچی وەزیری تەندرووستیی ڕژیم دوێنێ ڕایگەیاند کە قوتابخانەکان لە سەرتاسەری ئێران تا ڕۆژی دووشەممە دادەخرێن. هەروەها بە پێچەوانەی قسەکانی ڕۆحانی هۆشداریشی داوە کە ژمارەی تووشبووان لەم هەفتەیەوە زۆر زیاتر بەرز دەبێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە پارێزگاری قوم، شوێنی سەرهەڵدانی پەتاکە، ڕایگەیاندووە کە ئەو چوار نەخۆشخانەی بۆ تووشبووانی کڕۆنا تەرخان کرابوو، پڕ بوونەتەوە. هەر چوار نەخۆشخانەکە سەرجەم ٨٥٠ قەرەوێڵەیان هەیە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ژمارەی تووشبووان تەنیا لە پارێزگای قوم لە ٨٥٠ کەس تێپەڕیوە.
ئەم قسانەی پارێزگاری قوم لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی باڵای ڕژیم تا دوێنێ تووشبوونی تەنیا ٣٨٨ کەسیان پشتڕاست کردبووەوە.

سەرەرای ئەوەی پەتاکە خەریکە سەرتاسەری ئێران دەگرێتەوە، ڕژیم هێشتا پێداگرە لە شاردنەوەی ئامارەکان. ڕژیم تا ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی دانی بە ٤٣ حاڵەتی مردن و ٥٩٣ حاڵەتی تووشبووندا ناوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە نوێنەرێکی قوم لە مەجلیسی ئێران گوتوویەتی کە تەنیا لە قوم ٥٠ کەس گیانیان لەدەست داوە. هاوکات بەراوردە مەیدانییەکان نیشانی دەدەن کە ژمارەی قوربانیانی کڕۆنا لە ئێران تا ئەمڕۆ لە ٢٠٠ کەس تێپەڕیوە و هەزاران کەسیش تووشبووی ئەو نەخۆشییەن.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌