جیهان

ئەوروپا سەبارەت بە بەرجام دەرفەتێکی دیکە دەداتە ڕژیمی ئێران

وڵاتانی ئەندام لە ڕێککەوتنامەی بەرجام، سەبارەت بە هەنگاوەکانی ئەمدواییەی ڕژیمی ئێران بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم لەگەڵ ئەو ڕژیمە کۆبوونەوە. ئەمانج لەو کۆبوونەوەیە پاراستنی ڕێککەوتنامەی ئەتۆمیی ئێران ناسروا بە بەرجام بووە.

وڵاتانی چین، ڕووسیا و سێ وڵاتی ئەرووپایی ئەندامی ڕێککەوتنامەی بەرجام دوێنێ چوارشەممە لە ڤیەننا پایتەختی ئۆتریش، نیگەرانییەکانی خۆیان سەبارەت بە بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندانی ئۆرانیۆم لە ئێران بە نوێنەرانی تاران گەیاند.

وڵاتانی بەرجام لە کۆبوونەوەکەی دوێنێدا داوایان لە ڕژیمی ئێران کردووە کە بەرنامەکانی بگەڕێنێتەوە بۆ چوارچێوەی ڕێککەتنامەکە.بەڵێنی ئەوەشیان داوە کە دەرفەت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان تا ماوەیەکی تر درێژ بکەنەوە.

دوای بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە ئێران، فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا میکانیزمی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان چالاک کردبۆوە.

بەپێی ئەو میکانیزمە ئەگەر لە ماوەی دوو مانگدا لەگەڵ ئێران نەگەنە ئەنجام، ئەوا دۆسیە ئەتۆمییەکەی دەنێرنەوە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.

دوای دەرچوونی ئەمریکا لە بەرجام، ئێران بە پێنج قۆناخ هەموو بەڵێنەکانی خۆی سەبارەت بە کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم وەلا و پیتاندنی ئۆرانیۆمی بۆ ٢٠ لەسەد بەرز کردەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌