جیهان

ئیدارەی تڕامپ لە دیداری سیناتۆرێکی ئەمریکی لەگەڵ جەواد زەریف ناڕازییە

بەرپرسانی کۆشکی سپی وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی لەدژی دیداری سیناتۆرێکی ئەمریکی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕژیمی ئێران، دەڵێن لەوانەیە بەو دیدارە یاسا پێشێل کرابێت.

کریس مۆرفی، سیناتۆری دیمۆکرات مکوڕ هاتووە لەوەی کە چاوی بە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ڕژیمی ئێران کەوتووە. پێشتر ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویان کردبۆوە کە ئەو سیناتۆرە دیمۆکراتە لە پەراوێزی کۆنفڕانسی ئەمنیی موونیخ گفتوگۆی لەگەڵ وەزیری دەروەی ڕژیمی ئێران کردووە.

ئەم دیدارەی مۆرفی لەلایەن دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆمار و مایک پۆمپێو وەزیری دەروەی ئەمریکاوە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی بۆتەوە.

تڕامپ ڕۆژی سێشەممە لە لێدوانێکی کورتدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند کە پێدەچێت بەو دیدارە یاسای “لۆگان” پێشێل کرابێت.

مەبەستی تڕامپ یاسایەکی ئەمریکایە کە دەڵێ چاوپێکەوتنی هاوڵاتیان لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی نەیار ئەگەر بەبێ ئیزنی حکوومەت بێت، تاوانە.

تڕامپ لەکاتی گەشتی بۆ یەکێ لە ویلایەتەکانی ئەمریکا بە ڕۆژنامەنووسانی گوتووە: “من تازە هەواڵی ئەو دیدارەم پێگەیشتووە. هێشتا زانیاریی ئەوتۆم لەبەردەست نییە. گەلۆ شتی دیکەش هەیە کە دەبێ بیزانم و نایزانم؟ چونکە پێدەچێت ئەم دیدارە پێشێلکردنی یاسای لۆگان بێت.”

مایک پۆمپێو وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش ڕەخنەی لەو دیدارە گرتووە و وەک دیدارێکی بێکەڵک و زیانبەخش وەسفی کردبوو.

مایک پۆمپێو کە بۆ گەشتێکی فەرمی سەردانی کیشوەری ئەفریقای کردووە بە ڕۆژنامەنووسانی گوتبوو: “جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی وڵاتێکە گەورەترین پشتیوانی تیرۆریستان و دوژمنی جووەکانە. وڵاتێکە فڕۆکەیەکی مەدەنیی بەرداوەتەوە و ئامادە نییە سندووقە ڕەشەکەی ڕادەست بکات، وڵاتێکە ئەمریکا سزای خستۆتە سەری و وڵاتێکە هەر بەم دواییانە هاوڵاتییەکی ئێمەی کوشتووە.”

پۆمپێو هاوکات هیوای خواستووە کە دیداری ئەو سیناتۆرە دیمۆکراتە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا بووبێت نەک بەرژەوەندیی شەخسی.

ئەمە یەکەمجار نییە کە بەرپرسانی ئەمریکایی بە نهێنی لەگەڵ کاربەدەستانی ڕژیمی ئێران دیدار و چاوپێکەوتن ئەنجام دەدەن. هاوینی ساڵی ڕابردووش سیناتۆڕێکی کۆماری لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک گفتوگۆی لەگەڵ زەریف کردبوو.

لە چل ساڵی ڕابردوودا سەرەڕای دژایەتیی توندی نێوان ئەمریکا و ئێران، چەندین جار دیدار و دانیشتینی نێهنی نێوان بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە ئەنجام دراوە کە هەندێکیان وەک سکانداڵی “ئێران کۆنترا” دەنگدانەوەی گەورەی لێکەوتۆتەوە.

لە گەرمەی شەڕی نێوان ئێران و عێراق چەند بەرپرسێکی ئیدارەی ڕۆناڵد ڕەیگان سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ئەمریکا لە سەردانێکی نهێنیدا بۆ تاران، لەگەڵ کاربەدەستانی ڕژیم سەبارەت بە فرۆشتنی چەکوچۆڵ بە ئێران گفتوگۆیان کردبوو. ئەو دیدارانە دوای ئەوەی لە مێدیاکانەوە ئاشکرا بوو بە سکانداڵی ئێران گەیت یان ئێران کۆنترا ناوبانگی دەرکرد.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌