جیهان

ئابووریی جیهان بەهۆی پەتای کڕۆناوە زیانی بەرکەوتووە

ژمارەی قوربانیانی پەتای کڕۆنا خەریکە لە ٢٠٠٠ کەس نزیک دەبێتەوە. ئەم پەتایە سەرەڕای ئەوەی ترس و خۆفێکی زۆری لە جیهان درووست کردووە، زیانی بەرچاویشی لە ئابووریی جیهانی، بەتایبەت لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا، داوە.

هەرچەندە بەرپرسانی چین باس لە کەمبوونەوەی خێرایی تەشەنەسەندنی پەتای کڕۆنا دەکەن، بەڵام قوربانیانی ئەو پەتا تۆقێنەرە هێشتا لە هەڵکشاندایە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شاری ووهان لە چین یەکێ لە دواترین قوربانیانی ڤایرۆسی کڕۆنا، یان وەک زانایان بەم دواییانە ناویان لێناوە، ڤایرۆسی “کووید ١٩”یە.

“لیۆ ژی مینگ” بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ووهان کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردووەوە تووش بووبوو، دوێنێ گیانی لەدەست داوە.

ووهان ئەو شارەیە کە مانگی دیسەمبەری ڕابردوو بۆ یەکەمجار ڤایرۆسی کڕۆنا تیایدا سەریهەڵدا. ڤایرۆسێک کە هەتا ئەمڕۆ گیانی زیاتر لە ١٨٠٠ کەسی ئەستاندووە و زیاتر لە ٧٣ هەزار کەسی تووش کردووە.

بەو خێراییەی کە پەتاکە لە ڕۆژانی یەکەمدا تەشەنەی دەکرد، خەریکە کاریگەری لەسەر ئابووریی چین و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دادەنێت.

بەندەر و بازاڕاکانی دووەم گەورەترین ئابووریی جیهان، وەک شەقامەکانی شاری ووهان لە قەرەباڵخی کەوتووە. گەشتە ئاسمانییەکان لە چینەوە و بۆ چین بەڕادەیەکی بەڕچاو کەمی کردووە. ئەمەش باندۆری لەسەر جموجۆڵی ئابووری لە سەرتاسەری جیهان داناوە.

ئەمڕۆ کۆمپانیای ئەپڵ، کە زۆرینەی بەرهەمەکانی لە چین بەرهەم دەهێنێت، ڕایگەیاند کە بەهۆی کەمبوونەوەی جموجۆڵی بازرگانی لەو وڵاتە، خواست لەسەر کاڵاکانیان دابەزیوە و بەهۆیەوە داهاتیان کەمی کردووە.

زیانە ئابوورییەکان سنوورەکانی چینیشی تێپەڕاندووە و کاریگەریی لەسەر وڵاتانی دیکە، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، داناوە.

کۆمپانیای فڕۆکەوانیی سەنگاپوورە بۆ نموونە ڕایگەیاندووە کە بەهۆی نیگەرانیی لە پەتای کڕۆنا، ڕێژەی فرۆشی بلیتەکانی بەڕادەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ناچار بووە ژمارەی گەشتەکانی بۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کەم بکاتەوە.

بەرپرسانی سەنگاپوورە ڕایانگەیاندووە کە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە، ناچار بوون پێداچوونەوە بە پێشبینییەکانیان سەبارەت بە ڕیژەی گەشەی ئابووریی وڵاتەکەیان بۆ ئەمساڵ بکەن.

لێدوانەکانی بەرپرسانی کۆریای باشوور لەوەش ڕەشبینانەترە. “موون جائێ ئین” سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە تەشەنەسەندنی پەتای کڕۆنای وەک “سەرهەڵدانی قەیرانێکی ئابووریی” دیکە لێکداوەتەوە و داوای حکوومەت کردووە هەموو دەرفەتێک بەکار بهێنن بۆ ئەوەی ئابووریی وڵاتەکەیان بگەڕێتەوە سەر سکەی جاران.

لە هۆنگ کۆنگیش، بەرپرسانی خۆجێی بەنیازن بڕی ٣ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار بودجەی زیادە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی زیانە ئابوورییەکان بەهۆی پەتای کڕۆناوە دابین بکەن.

لە ئەورووپاش، بانکی ئێچ.ئێس.بی.سی لە بەریتانیا ڕایگەیاندووە کە بە هۆی کەمکردنی داهات ناچارن ٣٥ هەزار فەرمانبەریان لەکار دوور بخەنەوە. داهاتی ساڵێ ڕابردووی بانکەکە لە ٢٠ ملیار بۆ ١٣ ملیار دۆلار دابەزیوە، ئەم ڕێژەیەش زیاتر لە ئاستی پێشبینییەکان بووە.

بەرپرسانی بانکەکە دەڵێن بڵاو بوونەوەی پەتای کڕۆنا یەکێ لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی قازانجی ئەو بانکەیە. ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە بازاڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، بەشێکی بەرچاوی داهاتی ساڵانەی ئەو بانکە پێکدەهێنت.

بەرپرسانی چین دەڵێن لەکۆی ٧٣ هەزارو ٢٤٣ تووشبووی کرۆنا، نزیکەی ٤٢ هەزار کەسیان چاک بوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.

بەڵام پێدەچێت چاکبوونەوەی ئابووریی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی سەر ئابووریی جیهان، ئەستەم بێت بەمزووانە ڕووبدات.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌