ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئامریکا ٢٠ هەزار هێزی زیاتری ناردوەتە ڕۆژهەڵاتی ناوین

لە ماوەی هەشت مانگی ڕابرودو دا وەزارەتی بەرگری ئامریکا بیست هەزار هێزی سەربازی زیاتری ناردوەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

دوێنێ ژەنەراڵ فرانک مەککنز فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە (سنتکام) لەسەر کەشتی جەنگی USS، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا و پێچەوانەی بەڵێنەکانی ترامپ بۆ بردنەوەی سەربازەکانیان بۆ ماڵەوە، ڕایگەیاند ئەمریکا ٢٠ هەزار سەربازی هێناوەتە ناوچەکە.

مەککنزی ڕایگەیاند، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی ڕوو لە زیادبوونی رژیمی ئێران، سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەشت مانگی ڕابردوو ٢٠ هەزار سەربازی ڕەوانەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە کە بۆ ماوەیەکی نادیار دەمێننەوە.

مەککنزی هەروەها بە دەریاوان و سەربازەکانی سەر کەشتییەکەی وتووە: هەموو شتێک گرێدراوی گۆڕانکارییەکانی داهاتووە و هیچ دیار نییە ئێوە تا چ کاتێک لێرە بمێننەوە.

مەککنزی بە ڕۆژنامەنووسانی وت: هەڕەشەکانی ڕژیمی ئێران زۆر جددین، هێزەکانی گرێدراو و لایەنگری ڕژیمی ئێران کە بە فەرمانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی یان بەبێ فەرمانی ئەو کار دەکەن، لە ناوچەکەن و هەڕەشە دروست دەکەن، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئێران ئێستا هێمن بووەتەوە و بەنیاز نییە گرژییەکان توند بکاتەوە، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزبوونی دۆخی ئێران، فەرمان بە هێزی دەریایی ئەمریکا کراوە کە کەشتییەکانی لە ئەوروپاوە بباتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها ژمارەیەک فڕۆکەی بۆمبهاوێژ و مووشەکی پاتریوتیشی بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ناردووەتە ناوچەکە.

گرژییەکانی نێوان ڕژیمی ئێران و ئەمریکا بە هێرشی لایەنگرانی ئێران بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و دواتر کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن ئەمریکاوە توندتربووەوە، لە وەڵامی کوژرانی قاسم سولەیمانی ئێران دوو بنکەی ئەمریکای لە عێراق کردە ئامانج، کە بەپێی دوایین ڕاگەیەندراوی سوپای ئەمریکا ٣٤ سەربازی ئامریکای لە بنکەی عەین ئەسەد تووشی کاسبوون و حاڵەتێکی سەرئێشە بوون و بۆ چارەسەر گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ئەڵمان، کوەیت و ئەمریکا.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌