کوردستان

ئاڵدار خەلیل: لە ساڵی ٢٠٢٠ تێکۆشانێکی بێوچانمان دەبێت

ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری کۆمەڵگای دموکراتیک تەڤدەم لە گەڵ ئاژانسی دەنگوباسی فورات پێشهاتەکانی ساڵی ٢٠١٩ی هەڵسەنگاندووە. ئالدار خەلیل رایدەگەینێت لە ساڵی ٢٠٢٠ تێکۆشانمان بێوچان بەردەوام دەکەین.

ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری تەڤدەم بە ئاماژەدان بە گرینگی ساڵی ٢٠١٩ لە تێکۆشانی دموکراتیک لە کوردستان و سووریادا وتی: لە ٢٠١٩ بە ڕوونی ئاشکرا بوو کە دەوڵەتانی داگیرکەر بە سەرکێشی تورکیە هەوڵی لە نێو بردنی دەستکەوتەکانی رۆژاوا و گەلانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەدەن. هەروەها ساڵی ٢٠١٩ بۆ داکۆکی لە دەستەکەوتەکان و ناساندنی راستینەی شۆڕشی دموکراتیکی رۆژاوا بە ڕای گشتی دنیا قۆناغێکی گرینگی تێپەڕاند.

سەبارەت بە خەباتی دیپلۆماتیک لە ساڵی ٢٠١٩دا ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤدەم وتی: گەلی کورد بۆ یەکەم جار توانی لە ئاستی هەرە بڵند تێکۆشانی دیپلۆماتیکی بەڕێوەببات.
ئاڵدار خەلیل ئاماژەی بە کاردانەوەی کۆمەڵگا پێشڕەوەکان و ئازادیخوازان لە بەرامبەر هێرشە داگیرکارانەکانی تورکیە و چەتە هاوپەیمانەکانی کرد و جەختی کردەوە لە تێکۆشانی دیپلۆماتیک هەموو کات هێڵی سێهەمیان بە بنەما گرتووە و ئەو ستراتژیەی بە سەرکەوتوو ناوبرد.

ئاڵدار خەلیل دواتر باسی لە بەرخودانی خەڵکی عەفرین لە دژی رژیمی داگیرکەری تورکیە و چەتەکانی کرد و دەستنیشانی کرد کە چالاکی هێزەکانی رزگاری عەفرین و بەرخودانی خەڵکی ناوچە داگیرکراوەکان لە ساڵی ٢٠١٩ یش درێژەی هەبوو. گەلی عەفرین بە ئیرادە و پێداگری لە سەر هەڵوێستی ئازادیخوازانەیان لە بەرامبەر داگیرکەران سەرکەوتوو دەبن.

ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری کۆمەڵگای دموکراتیک لە کۆتایی گوت و بێژەکەدا وتی: ساڵی ٢٠٢٠ دەبێت بە ساڵی تێکۆشانی بێوچان لە دژی داگیرکاری عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی. لەمساڵدا دەرکردنی داگیرکەران ئامانجی سەرەکی گەلانی رۆژهەڵات و باکووری سووریایە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌