کوردستان

بۆ ئازادکردنی ئیدریس سەلیم گردبوونەوەیەک بەڕێوەدەچێت

لەدژی دەسبەسەربوونی ئیدریس سەلیم لە گرتووخانە، چالاکانی مەدەنی بڕیارە سبەینێ گردبوونەوەیەک لە بەردەم نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر ئەنجام بدەن.

بەگوێرەی ڕۆژنیوز، گردبوونەوەکە سبەینێ کاتژمێر یازدەی پێشنیوەڕۆ لە بەردەم نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر بەڕێوە دەچێت.

پێشتریش کوردستانیان چەند جارێک لە کوردستان و ئەورووپا داوای ئازادکردنی سەلیم ئیدریسیان کردبوو.
هەروەها هاوڕێیانی ناوبراو بەهۆی تێکچوونی باری تەندرووستییەوە سەردانی خاچی سووری نێودەوڵەتیان کردبوو.

تەڤگەری ئازادی ڕایگەیاندبوو کە باری تەندروستیی ئیدریس سەلیم لە زیندان تێکچووە بەڵام ئاسایشی هەولێر ڕێگەی نەداوە چارەسەریی پزیشکیی بۆ بکرێت.

ئیدریس سەلیم محەمەد پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی تەڤگەری ئازادی زیاتر لە ٧ مانگە لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستبەسەرە. نە ئازاد دەکرێت و نە هۆکاری گیرانەکەشی ڕوون دەکرێتەوە.

ئیدریس سەلیم کەم ئەندامی سەنگەر و زیندانی سیاسییە. برایەکی لە شۆڕشی باشووردا پێشمەرگە بووە گیانی بەخت کردووە و دوو برای دیکەشی وەک خۆی کەمئەندامی سەنگەرن.

هاوڕێیانی ئیدریس سەلیم دەڵێن تاکە هۆکاری دەستبەسەر بوونی ئەوەیە کە ئەندامی ئەنجوومەنی تەڤگەری ئازادییە لە هەولێری .

ئه‌مانه‌ش ببینه‌