ژن

ڕۆزەرین کەمانگەر: دەزگای قەزایی رژیمی داگیرکەری ئێران گەندەڵ و دژەژنە

ڕۆزەرین کەمانگەر ئەندامی کۆمیتەی ژنۆلۆژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بابەتێکدا لە گۆڤاری ئاڵترناتیڤ گەندەڵی لە دەستگای قەزایی ئێرانی شیکردوتەوە.

ڕۆزەرین کەمانگەر ئەندامی کۆمیتەی ژنۆلۆژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرەتای بابەتەکەیدا دەنووسێت: ڕژیمی داگیرکەری ئێران بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی سیاسی دەستیداوەتە سڕینەوەی هەموو ڕەوت و لایەنێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری. ئەو کردەوەیە بە ڕێگای دەزگای قەزایەوە جێبەجێ دەکرێت. سەرۆکی ئەو دەزگایە راستەوخۆ لە لایەن وەلی فەقیەوە دەستنیشان دەکرێت یا لادەبرێت. سەربەخۆیی دەزگای قەزایی لە ئێراندا نمایشییە. لە راستیدا وەلی فەقیه هەموو جمگەکانی دەسەڵاتی لە دەستدایە. دامەزراندنی ڕایەدارانی سەرەکی دەسەڵات لە لایەن وەلی فەقیه هەڕەشەیەکە لە سەر کۆمەڵگا. هەرچەندە کە گەندەڵکاران دەسەڵاتی کۆمەڵگایان لە دەستدا بێت، ئەوەندە کۆمەڵگا لاواز دەکرێت. ڕژیمی داگیرکەری ئێران بەردەوام باس لە عەداڵەت دەکات، بەڵام گەندەڵی لەو سیستمە بەرچاوترین دیاردەیە. دەوڵەت-نەتەوەی ئێران کە بنەمای لە سەر دەسەڵاتخوازی و پاوانخوازی دامەزراوە بەستێنی گەندەڵیشی لە نێوخۆی ئامادە کردووە.

لە بەشێکی تری بابەتەکەدا رۆزەرین کەمانگەر پەژراوەتە سەر جێگەی ژن لە دەزگای قەزاییدا و نووسیویە: پاساوی پیاوانی دەسەڵات لە ئێراندا بۆ دوورخستنەوەی ژنان لاوازە. ئەوان دەڵێن قەزاوەت بەرپرسیارەتیە نەک ماف، ئەگەر بەرپرسیارەتی لە سەرشانی کەسێک لابرێت بە مانای پێشلکردنی مافەکانی نیە. بەوجۆرە لە هەوڵدان رەوایەتی بە زیهنیەتی دژە ژنییان بدەن. لە سەرەتای دەستبەسەردا گرتنی شۆڕشی گەلانی ئێران مافی ژنان بۆ قەزاوەت زەوت کرا. یەکسانی ژن و پیاو لە شایەتی دان لە دادگا لە ئارادا نیە. ڕژیم چالاکی ژنان بە مەترسیەک بۆ خۆی دەزانێت. لە لایەک ژنان لە بەڕێوەبەرایەتی دووردەخاتەوە و لە لایەکیتر بە پەرەپێدان بە بەسیج و پۆلیسی ژن هەوڵی سڕینەوەی زیهنیەتی ئازادیخوازانەی ژنانی ئێران دەدات. کاربەدەستانی ڕژیمی داگیرکەری ئێران ژنان بە هۆکاری سەرەکی گەندەڵی ئەخلاقی ناودەبەن. وەها کەس یا ئورگانێک چۆن دەتوانێت عادڵانە لە گەڵ ژنان هەڵسوکەوت بکات؟ لە وەها دادگایەکا ژنێک کە لە بەرامبەر دەستدرێژی پیاوان داکۆکی لە خۆی بکات ئێعدامی بەسەردا دەسەپێنن. حوکمی دادگاکانی ئێران لە گەڵ مافەکانی مرۆڤ و یاساکانی رژیم ناگونجێت.

سەبارەت بە زیندانیانی سیاسی کەمانگەر دەنووسێت: ڕژیمی داگیرکەری ئێران لەم ٤٠ ساڵەدا لە ئێعدام لە بەرچاوی خەڵک، ئێعدامی بە کۆمەڵ، سەنگەسار و بڕینەوەی دەستوپێ سڵی نەکردوتەوە. رژیم دەڵێت ئێمە زیندانی سیاسیمان نیە و ئەوانە لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی هەوڵیانداوە. هەموو کەس دەزانێت ئەو چالاکە سیاسی و رۆژنامەوانانەی کە دەستبەسەر کراون لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەشن.

لە بەردوامی لێدوانەکەیدا رۆزەرین کەمانگەر وێڕای ئاماژەدان بە گەندەڵی سیستماتیک لە دەزگای قەزایی و تێوەگلانی کاربەدەستەکانی رژیم تێیدا دەنووسێت: بەرتیل گرتن، ساختەکاری و حەپەلووش کردنی سامانی گشتی بەشێکن لە کردەوەکانی کاربەدەستانی دەزگای قەزایی لە ڕژیمی داگیرکەری ئێران.

ڕۆزەرین کەمانگەر ئەندامی ژنۆلۆژی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆتایی بابەتەکەی تەرخان کردووە بۆ پێناسەی کۆمەڵگای ئەخلاقی و لەوبارەیەوە نووسیویە: ژیانی ئازاد لە کۆمەڵگای ئەخلاقی دەبێتە بنەمای ژیانێکی دموکراتیک. ئەمڕۆکە هەڵاواردن لە نێوان ژن و پیاو کێشەیەکی سەرەکی کۆمەڵگایە. بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە پێویست بە ئاگاکردنی سیاسی و ئەخلاقی کۆمەڵگایە. پێویستە ئەخلاق و سیاسەت لە خزمەت کۆمەڵگادا بێت. بنیاتنانی کۆمەڵگای دموکراتیک لە سەر بنەمای ئەخلاقی مسوگەر دەبێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌