Uncategorized

پاسەوانەکانی گرتووخانەی ئۆرمیە گیراوی سیاسی کورد محەمەد نەزەریان ئەشکەنجەدا

محەمەد نەزەری، کە پاش ٩٩ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن سەرئەنجام لە زیندانی ڕەجایی-شاری شاری کەرەجەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی ئۆرمیە، لەلایەن پاسەوانەکانی ئەو زیندانەوە ئەشکەنجە دراوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، دۆخی تەندروستیی محەمەد نەزەری ناجێگیرە و نێردراوە بۆ بەشی تەندروستی زیندانی ئۆرمیە.

ئاماژە بەوەشکراوە، کە پزیشکەکان ڕایانگەیاندووە، پێویستیی بەپەلەی بە نەشتەرگەری هەیە، لە وەڵامدا پاسەوانەکان ناوبراویان ئەشکەنجە داوە.

ڕاگەیەندراوە، کە پاش ئەوەی پزیشکەکانی بەشی تەندروستیی زیندانی ئۆرمیە بڕیاری نەشتەرگرییان بۆ محەمەد نەزەری داوە، بەرێوەبەری ئەو بەشە ناوبراوی دووبارە ناردووەتەوە زیندان و لە زیندانیش پاسەوانێک بە ناوی حسێن مەلازادە ئەشکەنجەی داوە و سووکایەتی پێکردووە.

لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، کە ئەو پاسەوانە بە محەمەد نەزەری وتووە، ئەو ئەشکەنجانە وەڵامی ناڕەزاییەکان و مانگرتن لە خواردنەکەیەتی.

جێگای ئاماژیە، کە محەمەد نەزەری، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری بۆکانە، کە ماوەی ٢٤ ساڵە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زینداندایە.

ناوبراو ماوەیەک پێش ئێستا مانگرتن لە خواردن هەتاکو مردنی ڕاگەیاند و سەرئەنجام بە ئیرادەی خۆی و ٩٩ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن دادوەرانیکۆماری ئیسلامی ئێرانی ناچار بە پاشەکشەکرد بۆ ئەوەی داواکارییەکەی قبوڵ بکەن و پێداچوونەوە بە سەر سزاکەیدا ئەنجام بدەن، نەزەری ماوەیەکە لە زیندانی ڕەجایی-شاری شاری کەرەجەوە گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ئۆرمیە.

Mesajên peywendîdar